Sunday, 21 August 2016



ئه‌مه‌ ناونیشانی ووتارێكمه‌ كه‌ له‌ به‌رواری 11/2/2016له‌ سایتی كوردستان نێت


 :بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ له‌م لینكه‌وه‌ ده‌توانن بیخوێننه‌وه‌

http://www.kurdistannet.org/2015/index.php/2015-01-01-21-16-42/2015-01-01-23-34-09/1901-2016-02-11-12-44-58



‎بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان - فه‌رموو ده‌ست به‌ كاربه‌ ئه‌مه‌ش پلانی چاكسازی ‌... ‎حمد كریم حمد - مامۆستای زانكۆ


له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ دارایی و ئابووریه‌ی ئێستا ڕووبه‌ڕووی حكومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه‌، ده‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌ی ئابووری و كارگێڕی دارایی حكومه‌ته‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خۆی، بۆیه‌ چاره‌سه‌ركردنیشی پێویستی به‌ به‌رنامه‌و پلانێكی تۆكمه‌ هه‌یه‌. ‌كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ پوخته‌ی هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌كیه‌كان بێت.
یه‌كه‌م/ پلانی خێرا- ئێستایی
  • لابردنی بارقورسی بوودجه‌ی شه‌ڕ و ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ كورد ستانن له‌ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ مووچه‌ی ‌هاوڵاتیان و ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی حكومه‌ت بۆئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بنرێت:
  • سه‌باره‌ت به‌ بوودجه‌ی شه‌ڕی تیرۆرو داعش دابینكردنی مووچه‌و پێداویستیه‌سه‌ربازیه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئیداره‌دانی شه‌ڕی داعش، له‌ كه‌ناڵی دبلۆماسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه‌ تا بۆ( ووڵاتانی هاوپه‌یمانی شه‌ڕ دژی داعش له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا - یه‌كێتی ئه‌وڕوپا - ڕێكخراوی ناتۆ ) ڕوونی بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ته‌نها شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌و هه‌رێمی كوردستان نیه‌، به‌ڵكو پێشمه‌رگه‌ له‌ بری جیهان شه‌ڕ ده‌كات و گیان و خوێن ده‌به‌خشێت. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌وانیش ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و خه‌رجی ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن، له‌ كاتێك دا پێشمه‌رگه‌ وه‌ك تاكه‌ هێزی سیمبوڵی سه‌ركه‌وتن و تێكشكێنه‌ری تیرۆرو داعش، قوربانی به‌ گیان ده‌دات، بۆ یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌ به‌رچاو بگرێت. وه‌ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ درابن له‌ ڕێگای ناردنی‌ شاندی حكومه‌ت به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ خێراترو چڕترو ڕوونتر بگه‌ینرێته‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. وه‌ك بانگ كردنی كونسوڵی ووڵاتان له‌ هه‌ولێر، بۆ ڕوون كردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ تا به‌ خێراتر په‌یام و داوای هه‌رێمی كوردستان بگه‌یننه‌ ووڵاتانی خۆیان، وه‌ داوایان لێ بكرێت چ خۆیان بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ دابین بكه‌ن، یان ووڵاته‌كانیان فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێڕاق بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌و شه‌ڕی داعش دابین بكات.
  • سه‌باره‌ت به‌ بارقوڕسی خه‌رجی ئاواره‌كان له‌ كوردستان داوا له‌ هه‌مان ووڵاتانی سه‌ره‌وه‌ له ‌‌گه‌ڵ (UN)و ڕێكخراوی (NHCR) ‌ تا یارمه‌تی دارایی و كۆمه‌كی مرۆڤایه‌تی پێشكه‌شی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن بۆ ئاواره‌كان، چوونكه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و كاره‌ی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ. وه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم كاربكات تا هه‌رچی زووه‌ حكومه‌تی عێڕاق بێنته‌ ژێربار تا به‌رپرسیاری خۆی جێبه جێ بكات به‌رامبه‌ر ئاواره‌كانی كوردستان هه‌ر هیچ نه‌بێ بودجه‌ی ئه‌و پارێزگایانه‌ی عێڕاق (موصل - صلاح الین- الانبار- دیالی) كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی ‌ئاواره‌ی كوردستان بوونه‌ به‌ پێی ژماره‌یان پێویسته‌ حكومه‌تی عێڕاق ئه‌و بودجه‌یه‌ی پێش ئاواره‌ بوونیان له‌ شاره‌كانی خۆیان پێی ده‌دان، بیداته‌ حكومه‌تی هه‌رێم تا خه‌رجی ئه‌و ئاوارانه‌ له‌ سه‌ر هه‌رێم لابچێت.
  • بۆ كاتی ئێستا بۆدابین كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان بێنته‌ ژێر به‌رپرسیاری ئه‌و قۆناغه‌، وایان لێبكات هاوكاری حكومه‌ت و خه‌ڵك بكه‌ن، به‌و سه‌رمایه‌ی كه‌ كۆیان كردۆته‌وه‌ له‌ ڕێگای ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئاسانكاریانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ ڕابردوو دا له‌ پڕۆژه وه‌به‌رهێنانه‌كانیان له‌ یاساكانی وه‌به‌رهێنان و باج بۆی ڕه‌خساندبوون. ‌
‎ ‌دووه‌م/ پلانی ستراتیجی زانستی- درێژخایه‌ن
‎له‌وپلانه‌ پێویسته‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ كۆڵه‌كه‌كه‌ی بێت:
  • له‌ بواری دارایی و ئابووری : داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری وه‌زاره‌ت و سیاسه‌ت و كاڕگێڕی دارایی و فه‌لسه‌فه‌ی ئابووری و پڕه‌نسیپ و شێوازی كاركردنی ده‌زگا دارایی ئابووریه‌كان و گه‌شه‌پێدانی سیسته‌می بانك، له‌ سه‌ر بنه‌ماو بناغه‌یه‌كی ووردو زانستی و شه‌فاف كه‌ هه‌موو داهات و سه‌رچاوه‌كانیان و چۆنیه‌تی خه‌رج كردنیان بگرێته‌ خۆ، وه‌ زانیاریه‌كانیان له‌ داتابه‌یسێكی ئه‌لیكتڕۆنی و وێبسایتێك تۆماربكرێن و كاره‌كان به‌ سیسته‌مێكی ئه‌لیكتڕۆنی ڕاپه‌ڕێندرێن، كه‌ هیچ ده‌رفه‌تێك به‌ ده‌سكاری و به‌ هه‌ده‌ردان و نادیاری داهات نه‌دات. به‌مه‌ش متمانه‌ لای هاوڵاتی درووست بكرێته‌وه‌، بۆ چۆنیه‌تی ئیداره‌دانی سامان و دارایی له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕێگا گرتن یان سنوورداركردنی‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی پاره‌و سه‌رمایه‌ له‌ كوردستان ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای سیسته‌مێكی بانكی تۆكمه‌ تا بتوانرێت زانیاری له‌ سه‌ر داهاتی سه‌رمایه‌داران و هاوڵاتیانیش بداته‌‌ ده‌ست. هه‌روه‌ها چاڵاك كردن و كارا كردنی سیسته‌می باج له‌ سه‌ر هه‌موو كه‌س، به‌ پێ ی ئه‌و موڵك و سه‌رمایه‌ی هه‌یه‌تی له‌ سه‌ر كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیه‌كان، وه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ و ئاسانكاریانه‌ی به‌ وه‌به‌رهێن و سه‌رماداران دراوه‌، به‌ تایبه‌ت كۆمپانیا بیانیه‌كان ناچار بكرێن باج بده‌ن، وه‌ سنوورداركردنی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌رمایه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌. هه‌روه‌ك له‌ ڕابردوو پاره‌ی كوردستان به‌ ئاسانی له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌داران براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ ی كوردستان، پڕۆژه‌ی پێ كراوه‌و موڵكی پێ كڕاوه، ‌له‌ ناوخۆدا به‌ كارنه‌هاتۆته‌وه‌ ‌سووده‌‌‌كه‌ی بۆ كوردستان نه‌بووه‌. پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می مووچه‌و بۆ نه‌هێشتنی دوو یا چه‌ند مووچه‌یی ونه‌هێشێتنی جیاوازی و هێنانه‌ كایه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ جۆرو بڕی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌مه‌ش حكومه‌ت متمانه‌ی هاوڵاتی به‌ ده‌ست دێنێت و وه‌ جگه‌ له‌ ‌نه‌و‌ت سه‌رچاوه‌ی تری داهات زیاد ده‌كات. پیڕه‌وكردنی سیسته‌می ‌خانه‌نشینی كه‌رتی تایبه‌ت به‌ ناچاركردنی كۆمپانیاكان و كه‌رتی تایبه‌ت به‌گڵدانه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌ك له‌ مووچه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ لایان كارده‌كه‌ن و ناردنی بۆ حكومه‌ت تا وه‌ك پاشه‌كه‌وتی خانه‌ نشینی هه‌ڵبگێرێت بۆكارمه‌نده‌كانیان هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی.
  • له‌بواری نه‌وت پوخته‌ی ئه‌و یاسایانه‌ جێ به‌ جێ بكرێن كه‌ له‌‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون، سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی كۆمپانیاكانی( گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت - به‌ بازاركردنی نه‌وت) سه‌ندوقی داهاته‌ نه‌وتیه‌كان وشه‌فاف كردنی چۆنیه‌تی و شێوازی ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان و ڕه‌واندنه‌وه‌ی هه‌موو گومانێكی په‌رله‌مان و خه‌ڵك له‌ بابه‌تی نه‌وت.
  • دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی تری داهات و به‌رهه‌م وه‌ك :
  • كشتوكاڵ: داڕشتنه‌وه‌ی ‌وه‌زاره‌ت و یاساو ڕێنماییه‌كانی‌ كشتوكاڵ و ده‌رهێنانی شێوازی كاركردنیان له‌ وچه‌ق به‌ستوویی و كلاسیكیه‌، هاندانی جووتیاران له‌ ڕێگه‌ی زانیاری و ئالات و پێداویستی سه‌رده‌میانه‌ی كشتوكاڵ كردن به‌ جۆرێك كردنه‌وه‌ی خول و پێشبڕكێ ی كشتوكاڵی و پێدانی ده‌رمان و په‌ین و چۆنیه‌تی به‌ كارهێنانیان، گرنگیدان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كلتوری كشتوكاڵ كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گوند. له‌ مانه‌ش پاڵپشتی حكومه‌ت ده‌بێ له‌ ڕێگای خۆش كردنی ڕێگای گونده‌كان و هێنانی پێشنگای كشتوكاڵی و ئاشنا كردنی جوتیاری كورد به‌ ئاله‌ت و ماكینه‌ی كشتوكاڵی سه‌رده‌م و چۆنیه‌تی به‌ كارهێنانیان. ئه‌نجامدانی ئامارێكی وورد له‌ سه‌ر ژماره‌ی جووتیاران وزه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه‌ به‌ كارناهێنرێن بۆكشتوكاڵ و دانی به‌ جووتیارێك كه‌ به‌ فعلی كاری كشتوكاڵی ده‌كات و به‌ كاری دێنێ و پابه‌ندی یاساو ڕێنماییه‌ كشتوكاڵیه‌كانه‌.
  • سه‌باره‌ت به‌ سامان و به‌روبوومی ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ری حكومه‌ت پاڵپشتی پڕۆژه‌ی له‌و جۆره‌ بكات له‌ ڕێگای هۆشیار كردنه‌وه‌ی به‌ خێوكه‌رانی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر به‌جۆرێك مه‌رجی ستاندارد بۆ شوێن و جۆری خۆراك و چۆنیه‌تی به‌ خێوكردنی ستانداردی ئاژه‌ڵ دابنرێت، كه‌ تێ ی دا ڕه‌چاوی خاوێنی و به‌رزی ڕێژه‌و كوالیتی به‌رهه‌م بكرێت. ئه‌مه‌ش به‌ چاودێری و دستگرتنی جوتیاران و به‌ خێو كه‌رانی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر ده‌بێت له‌ لایه‌ن حكومه‌ت.
  • دۆزینه‌وه‌ی بازاڕو به‌شداری كه‌رتی تایبه‌ت :پاش بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ر‌‌، ده‌بێ هه‌نگاوی ته‌واوكه‌ری حكومه‌ت به‌رده‌وام بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ به‌رهه‌مه‌كان، به‌ستنه‌وه‌ی به‌روبوومی جووتیارو ‌به‌ خێوكه‌ری ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر به‌ بازاڕ. له‌ڕێگای دامه‌زراندنی چه‌ند كه‌رگه‌یه‌ك بۆ له‌ كیس كردنی دانه‌وێڵه‌ له‌ برنج و نۆك و نیسك و ساوار. . . هه‌موو به‌رهه‌مه‌ دانه‌وێڵه‌ییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی پاك ئاماده‌كراو به‌ پێ ی مه‌رجی ته‌ندرووستی و بازرگانی. هه‌روه‌ها دامه‌زراندنه‌وه‌ی كارگه‌كانی به‌روبوومه‌‌كانی شیر (ألبان) ئاماده‌ كردنی جۆره‌كانی گۆشت و قوتوبه‌ندی، بۆوه‌رگرتنی به‌روبوومی جووتیاران و وشیرو گۆشتی به‌ خێوكه‌رانی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر، وه‌ دامه‌زراندنی چه‌ند عه‌لوه‌یه‌ك له‌ شاره‌كانی كوردستان له‌ شێوه‌ی كۆمپانیای ستاندارد كه‌ ساردكه‌ره‌وه‌و ئاسانكاری باش بدات تا‌ به‌رووبوومی جووتیاران وه‌ربگرێت و له‌ ڕێگه‌ی بژاردن و شوشتن و له‌ كیس نانی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروستی و بازرگانی بیخاته‌ بازاڕ. دامه‌زراندنی ئه‌م كارگانه‌ش پێویستی به‌ پاره‌ی حكومه‌ت نابێت، به‌ڵكو ده‌كرێت كه‌رتی تایبه‌ت ڕاسپێردرێ و كاری حكومه‌ت ته‌نها‌ بریتی بێت له‌ چاودێری كاره‌كان و لادانی به‌ربه‌سته‌كان و كارئاسانی ڕێكخستنی كاره‌كان، به‌ مه‌ش چه‌ند ئامانجێك دێنه‌ دی وه‌ك :
- بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتووكاڵ و به‌ خێوكردنی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر وه‌ گێڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ گوندو زووندوو كردنه‌وه‌و به‌ پیت كردنی زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان بۆ دابین كردنی خۆراك و به‌رهه‌م بۆ خۆیان و بۆ تێكڕای خه‌ڵك.
- پشت به‌ستن به‌ به‌رهه‌می ناوخۆ كه‌رتی نیشتمانی له‌ دابین كردنی خۆراك كه‌ له‌ ڕووی كوالێتیه‌وه‌ چاكتروو پاكترو ته‌ندروسترو به‌ چێژترو چاودێری كراوتره‌.
- ئه م ڕێگه‌یه‌ ده بيته ده‌رفه‌تی كار بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له هاوڵاتیان و گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ به‌كاربه‌رو پشت به‌ستوو به‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌رهه‌م هێن وڕاوه‌ستاو له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆیی و نیشتمانی.
- گواستنه‌وه‌ی بارقورسی ئابووری له‌ سه‌ر حكومه‌ت و یه‌كلابوونه‌وه‌ی حكومه‌ت بۆ كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان و خزمه‌ت گوزاریه‌ گشتیه‌كان. بگره‌ له‌ ڕێگای باج كه‌ له‌و كارگه‌و كۆمپانیایانه‌ وه‌ری ده‌گرێت حكومه‌ت داهاتیشی ده‌ست ده‌كه‌وێت.
د. گه‌شت و گوزار
ده‌زگا گه‌شت و گوزاریه‌كان به‌ ستراتیجێكی ستاندارد و نوێ بێنه‌وه‌ مه‌یدان بۆ پۆلێن كردنی شوێنه‌ گه‌شت و گوزاریه‌كان (مێژوویی - سروشتی - كات به‌ سه‌ربردن- وه‌رزشی. . . . ) سه‌رپه‌رشتی كردنیان كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی به‌ ڕووی گه‌شتیاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی. كه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌ هۆی هاتنی گه‌شتیار پاره‌یه‌كی باش ڕاده‌كێشنه‌ كوردستان كه‌له‌ دوایی دا كاریگه‌ری ئه‌رێنیان له‌ سه‌ر بازاڕی خه‌ڵك و بوژانه‌وه‌ی تێكڕای پڕۆسه‌ی ئابووری و بازرگانی ده‌بێت وه‌ ده‌توانن ببنه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی داهات بۆهه‌رێمی كوردستان.


ئه‌مه‌ ناونیشانی ووتارێكمه‌ كه‌ له‌ به‌رواری 1/4/2015 له‌ سایتی كوردستان نێت


 :بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ له‌م لینكه‌وه‌ ده‌توانن بیخوێننه‌وه‌

http://www.kurdistannet.org/2015/index.php/2015-01-01-21-16-42/2015-01-01-23-34-09/568-2015-04-01-07-14-20



ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی سفر. . . حمد كريم


ئه‌وه‌ی له‌م بابه‌ته‌م ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م ووردبوونه‌وه‌یه‌كی هه‌ستیاره‌ له‌ سه‌ر بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ هاتنی ئه‌م ڕێژه‌ زۆره‌له‌ ئاواره‌ و بێ شوین و لێقه‌وماوه‌ بۆ شاره‌كانی كوردستان وه‌ مه‌ترسیه‌كان و ده‌رهاوێشته‌كانی له‌ داهاتوو دا له‌ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردو هه‌رێمی كوردستان. مه‌به‌ستم له‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانه‌ كه‌كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان و خاكه‌كه‌ی هه‌یه‌ وه‌ ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌بخه‌مه‌ڕووكه‌ئه‌م بابه‌ته‌م به‌ ده‌ره‌ له‌ هه‌موو بیرو مه‌به‌ستێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌ڵكو هه‌لقوڵاوه‌ له‌ ووردبوونه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌ و پشت به‌ ستووبه‌ به‌ ڵگه‌ی لۆژیكی وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ست كردن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمان و بۆ ڕێزگرتن له‌و قوربانیانه‌ی كورد داویه‌تی بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆمان. هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت كه‌ خه‌باتی سه‌ره‌كی كورد له‌ ماوه‌ی ڕابردوو دا بۆ به‌رگری كردن بووه‌ له‌ مانه‌وه‌ی زمان و كه‌لتورو ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و بۆگه‌ڕاندنه‌‌وه‌ی خاكه‌كه‌ی بووه‌ بۆ ژێرده‌ست و سه‌روه‌ری خۆی، له‌م خه‌باته‌شی دا رووبه‌رووی كاره‌ساتی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ وه‌ك شاڵاوی پاكتاوی نه‌ژادی، كه‌ به‌ پرۆسه‌ی جیاوازو به‌رنامه‌ بۆ داڕیژراوی وه‌ك (كیمیاباران و ئه‌نفال) یان شاڵأوی سڕینه‌وه‌ی زمان وكه‌لتورو ناسنامه‌وبیری نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئه‌نجامیشدابۆگوڕینی دیمۆگرافیای كوردستان وتواندنه‌وه‌ی له‌ ناونه‌ته‌وه‌كانی داگیركه‌روسه‌رده‌ستی كوردستا ن، كه‌ ئه‌مانه‌ش له‌ ڕێگای سیاسه‌ته‌كانی تعریب و تفریس و تتریك ئه‌نجام دراون.
لێره‌دا پرسیاریك ده‌خه‌مه‌ ڕوو وه‌ك زه‌نگێك بۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم ئێوه‌ ده‌زانن ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆمان كه‌ به‌رهه‌می قوربانیدانێكه‌ كه‌ به‌های دروست بوونی ده‌یان ده‌وڵه‌ته‌، له‌ ئه‌‌مڕۆ دا له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ دان؟ به‌ هۆی ئه‌و لێشاوه‌ی ئاواره‌ ولێقه‌ماوه‌ی ڕوویان له‌ كوردستان كردووه. من نازانم تا چه‌ند ئه‌م پێشوازیه‌ به‌ به‌رنامه‌و به‌ دراسه‌و به‌ئاگایی كراوه‌، چوونكه ‌ئه‌وه‌ی بینراوه‌ بێ پلانی و نه‌زانین و هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر له‌م هه‌نگاوه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زوو چاره‌ نه‌كرێت ئه‌وه‌ به‌ دلنیاییه‌وه‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ دایه‌وده‌بێت‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ماوه‌ی داهاتوو ئاسه‌واره‌كانی زه‌قتر ده‌ربكه‌ون دوورنیه‌ له‌ داهاتوو دا له‌ ووڵاتی خۆمان ده‌بین به‌ كه‌مینه‌ وه‌ك نمونه‌ی دیاری ووڵاتان هه‌ن له‌م بواره‌ وه‌ك ووڵاتی ئه‌رده‌ن و لوبنان كه‌ ئه‌رده‌ن ئێستا نیوه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی فه‌له‌ستینین و به‌ نیشتیمانی دووه‌می فه‌له‌ستینیه‌كان ناسراوه‌ كه‌ ئه‌مان ده‌وڵه‌تن و سنوریان دیاره‌و یه‌ك نه‌ته‌وه‌شن چ جای ئه‌وه‌ی ئێمه جارێ ده‌وڵه‌ت نین و نه‌ته‌وه‌مان جیاوازه‌ له‌ گه‌ڵ ئاواره‌كان وكێشه‌ی مێژوویی و خاك وسنورمان له‌ گه‌ڵیان هه‌یه‌ هه‌روه‌ك له‌ ئه‌نجامدا ده‌ستكه‌وتنه‌وه‌ی خاكه‌كه‌مان و دیاری كردنی سنوری كوردستان قورس ده‌بن.
هه‌ندێ جار به‌رپرسان به‌وه‌ پاساو دێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ئاساییه‌ ئێمه‌ پێشوازیمان له‌م ئاوارانه‌ كردووه‌هه‌روه‌ك له‌ ووڵاتانی تر (ئه‌وروپا) ده‌یان خه‌ڵكی بێگانه‌ی تێدایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسی و هه‌ڵه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌رپرسانی بواری په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێم تێی كه‌وتوون به‌وه‌ی جیاوازیان نه‌كردووه‌ له‌ نێوان جۆره‌كانی په‌ناخوازان بۆ كوردستان بۆیه‌ لێره‌دا بۆ ڕاست كردنه‌وه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ ده‌مه‌وێت جۆره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئاواره‌ و مامه‌ڵه‌ی ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی له‌ گه‌ڵ كه‌یسی ئاواره‌ بخه‌مه‌ڕوو:
به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی جۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ جێگه‌وڕێگه‌ی خۆیان جێدێلن و له‌ ووڵاتێكه‌وه‌ ده‌چن بۆ ووڵاتێكی تر دوو جۆرن:
 په‌ناخوازان (Refugees): ئه‌مه‌ش ئه‌و گروپه‌ی ئاواره‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ جێگاو ڕێگای خۆیان جێدێڵن بێ ویستی خۆیان و له‌ ئه‌نجامی ڕووداوێك كه‌ ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌و واده‌كات كه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌رژیانیان دروست بێت وه‌ك كاره‌ساتی سرووشتی و شه‌ڕوشۆڕو نه‌مانی ئارامی یان هه‌رهۆیه‌كی تر كه‌ ببێته هۆی‌ مه‌ترسی له‌ سه‌ر دانیشتوانی شوێنه‌كه‌ یان نه‌مانی پێداویستیه‌كانی ژیانیان. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ خه‌ڵكی ئه‌م شوێنه‌ نه‌توانن بمێننه‌وه‌وبۆیه‌ په‌نا ده‌به‌ن بۆ ووڵاتێك یان هه‌رێمێكی باشتربۆ مانه‌وه‌ بۆیه‌ زۆربه‌ی كات ئه‌م په‌نابردنه‌ به‌ ڕێژه‌و ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك له‌ یه‌ك كاتدا ده‌بێت واته‌ كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك ده‌بن و حاله‌تی تاكی نابێت. مامه‌ڵه‌ی ستانداردیش له‌ گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ له‌ ئاواره‌ بریتیه‌ له‌ درووست كردنی (كامپ) بۆیان له‌ شێوه‌ی شارێكی بچووك تا بتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێن و زانیاری له‌ سه‌رژماره‌و پێداویستیه‌كانیان باشتر وه‌ربگیرێت و باشتر خزمه‌تگوزاری و پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین بكرێت. هه‌روه‌ها به‌م شێوازه‌ ڕێگه‌ش ده‌گیرێت له‌ درووست بوونی كێشه‌ی ئابووری وكارگێڕی بۆ وولاتی پێشوازی كار. هه‌روه‌ها ووڵاتان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش وه‌ك سه‌ره‌كیترینیان كۆمیته‌ی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (NHCR) باشتر ده‌رك به‌ ژماره‌و ڕێژه‌ی پێداویستیه‌كانیان ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش باشتر و فراوانتر كۆمه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌كرێت له‌ داهاتوو هاندانێك بێت بۆ ئاواره‌كانیش كه‌ دوای نه‌مانی مه‌ترسیه‌كان ناچار بن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆجێگاوڕێگای خۆیان به‌مه‌ش مه‌ترسی له‌ سه‌ر ووڵاتی پێشوازیكار درووست ناكه‌ن كه‌ ئه‌م‌ مامه‌ڵه‌یه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌و باوه‌ له‌ لایه‌ن ووڵاتان.
كۆچبه‌ران (Migrants): ئه‌مه‌ش بریتیه‌ له‌ په‌نابردنی كه‌سێك یان خه‌ڵكی له‌ووڵاتێكه‌وه‌ بۆ ووڵاتێكی تر به‌ ویست و ئاره‌ز‌ووی خۆیان بێ ئه‌وه‌ی ژیانیان له‌ مه‌ترسی دابێت له‌ شوێنی بنه‌ڕه‌تی خۆیان وه‌ ئه‌م جۆره‌ كۆچكردنه‌ش به‌ هۆكاری جیاوازه‌ وه‌ك خوێندن و كاركردن باشكردنی باری ئابووری و ئاره‌زووی تایبه‌ت . . . وه‌ زۆربه‌ی كات خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ حالاتی تاكی و له‌ كاتی جیاوازدا. بۆیه بۆ ئه‌م جۆره‌ له‌ ئاوارانه‌ كه‌به‌رده‌وام بوونیان هه‌یه‌ هه‌رووڵاتێك ‌یاساو فه‌رمانگه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ له‌ په‌نابه‌ره‌ كه‌ بۆ هه‌ر جۆره‌ كۆچبه‌رێك مه‌رجی خۆیان هه‌یه‌ بۆ قبول كردن و ڕێگه‌دان به‌ مانه‌وه‌ی له‌ ووڵاته‌كه‌دا وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ به‌رنامه‌و به‌ ڕێژه‌ی كه‌م و به‌ مه‌رج ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ وه‌رده‌گرن بۆیه‌ هیچ مه‌ترسیه‌كی وه‌ك كێشه‌ی ئابووری وكاگێڕی و گۆڕانی دیمۆگرافی و كه‌لتوری له‌ سه‌ر ووڵاتی پێشوازیكار درووست نابێت.
به‌به‌راوورد له‌ گه‌ڵ ئه‌م دوو چه‌مكه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردوویه‌تی كارێكی ستاندارد نیه‌و ئاسه‌واری خراپی ده‌بێت بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان مه‌ترسیه‌كانیش چڕ ده‌كه‌مه‌وه‌له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: پێش هه‌مووشت ئاواره‌كان كه‌ پێشوازی كراون ڕاسته‌ به‌ كه‌فیل و اقامه‌ لێره‌ن به‌ڵام له‌ هیچ ووڵاتێك نه‌بووه‌ ئاواره‌ تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگه‌و شاری ووڵاتی پیشوازی كار بكرێت به‌ جۆرێك كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی شاره‌كه‌یان ببێته‌ دووهێنده‌ به‌مانایه‌كی تر به‌ یه‌ك جار به‌ ڕێژه‌ی نیوه‌ی دانیشتوانی ووڵاته‌كه‌ی خۆی ئاواره‌ وه‌ربگرێت, چونكه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی ئابوری و كارگێڕی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری دێنێته‌ ئارا به‌ تایبه‌ت بوار ده‌دات كه‌ ئه‌م ئاوارانه‌ كه‌ تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگای كوردستانی ببن و ڕه‌گ دابكوتن له‌ كوردستان ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای جیاوازی وه‌ك ژن و ژن خوازی و دروست بوونی په‌یوه‌ندی و تیكه‌ڵی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئه‌نجامدا دیمۆگرافیای كوردستان ده‌گۆڕێت.
دووه‌م: پێگه‌یشتن و گه‌وره‌بوونی نه‌وه‌یه‌ك ودرووست بوونی به‌رژه‌وه‌ندی بۆیان له‌ ڕێگه‌ی كڕینی ماڵ و موڵك و درووست بوونی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری كه‌ له‌ داهاتوو به‌ ئاسانی جێ ی ناهێڵن. هه‌رچه‌ند ده‌گوترێت كه‌ ناتوانن ماڵ وموڵك بكڕن، قسه‌ی زۆریش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م رێ وشوێنانه‌ زۆر جار به‌ باشی جێبه‌جێ نه‌كراوون و دیتراوه‌و بیستراوه‌ كه‌ زۆرێك له‌م ئاوارانه‌ماڵ وموڵكیان كڕیوه‌ له‌ كوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ خانووه‌كانی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان كه‌ ئه‌مه‌ خللیكه‌ وه‌ هه‌رچه‌ند یاسای وه‌به‌رهێنانیش ڕیگای دابێت له‌ ئێستادا وه‌ك (اسپناء) بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ده‌بێت فرۆشتنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێ بوون به‌ گشتی و له‌ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانیش به‌تایبه‌تی بۆئاواره‌ی عه‌ره‌ب ڕابگیرێت.
سێ یه‌م: كێشه‌ی ئابووری كه‌ سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی خۆمان ئه‌م زیاد بوونه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم بارگرانی زیاتر له‌ سه‌ر حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان دروست ده‌كات له‌ خزمه‌تگوزاری خویندن و شاره‌وانی و كاره‌باو ئاسایش . . . وه‌هه‌ست و ئینتیمای تاكی كورد لاواز ده‌كات بۆ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كه‌ به‌ خوێن و ماندووبوون و بژێوی ژیانی خۆی ی به‌ خوێنی باپیران و ڕۆله‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌م ئارامیه‌ی فه‌راهه‌م كردووه، كه‌چی ده‌بینێت ئه‌م هه‌موو ئاواره‌ له‌ ووڵاته‌كه‌ی ئه‌و دا بوونه‌ته‌ خاوه‌ن موڵك و مووچه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن له‌ حكومه‌تی عێراق و لێره‌ش كار ده‌كه‌ن و ئارامیشیان بۆ فه‌راهه‌مه‌ (وه‌ك ئه‌وه‌ی بچیه‌ ووڵاتێك بۆ گه‌شت پاره‌شت پێبده‌ن). له‌ به‌رامبه‌رداهاوڵاتی كوردستان به‌ خوێنی ڕۆڵه‌كانی به‌رگری ده‌كات و خۆی كرێچیه‌ له‌ ووڵاتی خۆی و مووچه‌شی پێنادرێت و ده‌رفه‌تی كاریشی له‌ به‌رده‌م كه‌متر بۆته‌وه‌ له‌ به‌ر ئاواره‌كان. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌مه‌ترسی تر وه‌ك كاریگه‌ری له‌ سه‌ر كه‌لتورو داب و نه‌ریتی كوردستانی و گۆڕینی سیماودیمۆگرافیای شاره‌كانی كوردستان. چونكه‌ كوردستان ووڵاتێك نیه‌ كه‌ ڕووبه‌رێكی فراوانی زه‌وی هه‌بێت بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌رێمی كوردستان تێكڕاو له‌ یه‌ك كاتدا بچێته‌ ووڵاتێكی وه‌ك ئێران یان توركیا ئه‌وا پێیانه‌وه‌ دیارنابێت ئه‌مه‌ش به‌هۆی گه‌وره‌یی ڕووبه‌رو زۆری ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م ووڵاتانه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
بۆیه‌ بۆ نه‌مانی ئه‌م مه‌ترسیانه‌ وه‌ك پێشنیار داوا ده‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسان هه‌رچی زووه‌ به‌هه‌نده‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌ بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ڕێژه‌ زۆره‌ له‌ ئاواره‌ پێشوازی كراوه‌ به‌ڵام به‌ هه‌نگاوی خێرا په‌له‌ بكرێت له‌ كۆكردنه‌وه‌یان له‌ كه‌مپ. وه‌هه‌موو ڕێوشوینێك بگیرێته‌ به‌ربۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ هه‌ر كارێك كه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆمانه‌وه‌ی یه‌كجاری ئاواره‌كان و ڕه‌گ داكوتانیان له‌ كوردستان وه‌ك كڕینی موڵك و خانوو. هه‌روه‌ها بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌ركی مرۆڤایه‌تیه‌كه‌ش ده‌كرێت ئاواره‌كان دوای ئه‌وه‌ی ده‌خرێنه‌ كه‌مپ باشترین خزمه‌تگوزاری به‌ ئه‌ندازه‌ی توانای حكومه‌تی هه‌رێم پێشكه‌شیان بكرێت هه‌تا هاوڵاتیانی كوردستانیش ده‌كرێت یارمه‌تی باشیان بده‌ین. وه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش باشتر ڕێژه‌ی دروستی ئه‌م ئاواره‌ زۆره‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌یانبینێ كه‌ به‌مه‌ش ڕووی جوان و مرڤدۆستی خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم باشتر ده‌بینرێت، چونكه‌ ئێستا له‌ به‌ر بڵاوبوونه‌وه‌یان له‌ شاره‌كان زۆری ئاواره‌كان نابینرێن وهه‌ستی پێ ناكرێت له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تیش. ئه‌گینا به‌رده‌وامی ئه‌م دۆخه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ قوربانیدانه‌كانی ڕابردووی میلله‌تی كورد بۆمانه‌وه و پاراستنی بوون و زمان و كه‌لتورو ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بێ به‌ها و ئامانج ده‌رده‌چن وبه‌ ویست و بڕیاریی خۆمان ڕه‌نجی خه‌باتی ڕایردووی ئه‌م میلله‌ته‌ ده‌خه‌ینه‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی سه‌رده‌ستی كوردستان و ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خاڵی سفر.

ئه‌مه‌ ناونیشانی ووتارێكمه‌ كه‌ له‌ به‌رواری 11/2/2016له‌ سایتی كوردستان نێت  :بڵاو  كراوه‌ته‌وه‌ له‌م لینكه‌وه‌ ده‌توانن بیخوێن...