Tuesday, 23 July 2013

پـێـشنیارێك بۆ په‌رله‌مانی داهاتووی كوردستان


سه‌ره‌تا پره‌نسیپی بوون به‌ په‌رله‌مانتار له‌ بیردۆزی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتووه‌ له‌ نێوانی فه‌رمانڕه‌وا و فه‌رمان به‌ سه‌ربراودا كه‌ له‌ سیسته‌می سیاسی ئه‌مرۆی وولاتان له‌ شێوه‌ی دیموكراسیه‌تی ناڕاسته‌وخۆ (نوێنه‌رایه‌تی یان په‌رله‌مانی) دا به‌رجه‌سته‌یه‌. كه‌وایه‌ به‌ پێ ی ئه‌م گرێبه‌سته‌ گه‌ل له‌ ده‌وڵه‌تدا له‌ ڕێگای هه‌لبژاردن كه‌سانێك هه‌ڵده‌بژێرێ وه‌ك نوێنه‌ری خۆی بۆ ئه‌وه‌ی كاروباری ووڵات به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و واز دێنن له‌ به‌ شێك له‌ مافی خۆیان و ماف ده‌ده‌ن به‌ نوینه‌ره‌كانیان تا فه‌رماندارێتیان بكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر دابین كردنی ئاسایش و ژیانێكی باش و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ... وه‌ هه‌رئه‌م گرێبه‌سته‌ش بناغه‌ی ده‌ستووری هه‌موو ووڵاتێكه‌ كه‌ كاری سه‌ره‌كی ده‌ستووریش ڕێكخستنی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ده‌وڵه‌ت له‌ سێ ڕوانگه‌ی سه‌ره‌كی دا:

 
یه‌كه‌م/ دیاری كردنی جۆری سیسته‌می سیاسی و ئابوری ده‌وڵه‌ت و جۆری ده‌سه‌ڵاته‌ گشتیه‌كان وه‌ك (یاسادانان و جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ری) وه‌ كارو تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌كه‌یان و په‌یوه‌ندیان له‌ گه‌ڵ یه‌كتر .

دووه‌م/ دیاری كردنی ئه‌رك و ماف و ئازادیه‌ گشتیه‌كانی تاك كه ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ ماف و ئازادیه‌كان دابین بكات به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌ل كردونی به‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ سه‌پاندنی ئه‌ركه‌كانیش ده‌بێت تا ئه‌ندازه‌و سنووری پێویستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت له‌ دابین كردنی ژیانێكی‌ ئاسووده‌و هێمنی و ئاسایش بۆ خه‌ڵك كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات وه‌ك به‌شێك له‌ گرێبه‌سته‌ كۆمه‌ڵاتیه‌كه‌.

 
سێ یه‌م/ دیاری كردنی جۆری په‌یوه‌ندی له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و گه‌ل و ئالیه‌ته‌كانی چاودێری گه‌ل به‌سه ر‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ڕێگای پره‌نسیپه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستاو ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و لانه‌دانی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران له‌ تایبه‌تمه‌ندی سنووری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ گه‌ل پێ ی داون.

به‌ واتایه‌كی تر لێره‌دا مه‌به‌ستی نووسینه‌كه‌م ده‌به‌ستمه‌وه‌ به‌ خاڵی سێیه‌م كه‌ نابێ ده‌سه‌ڵاتداران كه‌ بۆ ئه‌م نووسینه‌م (په‌رله‌مانتارانن) وه‌ك به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ بكه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ گه‌ل پێ ی داون له‌ ده‌ستور . ئه‌گه‌رچی ڕاسته‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی په‌رله‌مان دانانی یاسایه‌ بۆ ڕێكخستنی بواره‌ جیاوازه‌كانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ... ده‌وڵه‌ت به‌ قازانجی خه‌ڵك به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا نابێ تجاوزی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بكات كه‌ له‌ ده‌ستوور بۆی دیاری كراوه‌ كه‌ بناغه‌كه‌ی گرێبه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌تی له‌ گه‌ڵ گه‌ل دا. كه‌واته‌ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی پێنه‌دراوه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕای گه‌ل ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای پرس پێ كردن و ڕاسته‌وخۆ بڕیار وه‌رگرتن لێ ی له‌ سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ئالیه‌تی ڕاپرسی (ڕێفراندیوم) .وه‌ پێوه‌ر بۆ دیاری كردنی ئه‌ و بابه‌تانه‌ ی كه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌ل بریتیه‌ له‌ ئه‌ندازه‌ی چاودێری خه‌ڵك‌ به‌ سه‌ر په‌رله‌مان .

به‌ نمونه‌ یه‌كێك له‌و یاسایانه‌ی په‌رله‌مان ده‌ری ده‌كات یاسای ماف و ئیمتیازه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌ كه‌ لێره‌دا ڕاسته‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ ده‌ بێ به‌ یاسا ڕێك بخرێت وه‌ ده‌ركردنی یاساش كاری په‌رله‌مانه‌ به‌ڵام كێشه‌ لێره‌ دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و یاسایه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ماف و به‌رژه‌وه‌ندی خودی په‌رله‌مانتاران خۆیان ، وه‌ له‌ ڕووی ئالیه‌تی چاودێری خه‌ڵك به‌ سه‌ریانه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌ هیچ ئالیه‌تێكی یاسایی نیه‌ ڕێگه‌ له‌ په‌رله‌مانتاران بگرێت كه‌ به‌ انصافه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكه‌ن و تعسف نه‌كه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و مافه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ بۆ دانانی یاسا. بۆیه‌ له‌ بارێكی وه‌هادا ده‌بێ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌ل و ڕای وه‌ربگرێت. لێره‌دا بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی گله‌یی ڕه‌وای خه‌ڵك له‌ زۆری ماف و ئیمتیازاتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ موچه‌ی زۆرو مافی خانه‌نشینی و پاسه‌وان كه‌ جیاوازیان له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاسایی زۆر نا دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ وه‌ هۆكاره‌ بۆ دروست كردنی جیاوازی چینایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی خودی پره‌نسیپی نوێنه‌رایه‌تی كردنه ‌كه‌ ده‌بێت په‌رله‌مانتار له‌ خزمه‌تی گه‌ل دابێت نه‌ك له‌ سه‌ر باری گه‌ل و به‌ ده‌نگ و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وانه‌وه‌ له‌ سامانی گشتی بخوات بێ ئه‌وه‌ی گه‌ل ئه‌و ماف و ده‌سه‌ڵات و مۆڵه‌ته‌ی پێدابێت .

دوای ئه‌م باسه‌ ئێستا كاتیه‌تی كه‌ پێشنیاره‌كه‌م بخه‌مه‌ ڕوو بۆ په‌رله‌مانی داهاتووی كوردستان كه‌ به‌م نزیكانه‌ به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌بینه‌ خاوه‌نی ده‌ستووریش كه‌ پێویسته‌ یاسای ماف و ئیمتیازاتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌موار بكاته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بیگه‌رێنیته‌وه‌ بۆ ئاستی دادپه‌روه‌ری به‌ جۆریك ماف وئیمتیازاته‌كان ئه‌وه‌نده‌ كه‌م نه‌بن كه‌ په‌رله‌مانتار نه‌توانێت ئه‌ركه‌كانی ڕاپه‌رێنێت وه‌ ئه‌ونده‌ زۆریش نه‌بن كه‌ جیاوازی چینایه‌تی و نایه‌كسانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دروست بكات. بۆ دڵنه‌وایی خه‌ڵكیش باشتر ده‌بێت ئه‌م یاسایه‌ ڕاپرسی بۆ بكرێت و گه‌ل بڕیاری له‌ سه‌ر بدات، چونكه‌ له‌ كۆتایی دا په‌رله‌مانتار نوێنه‌ری ئه‌وانه‌ بۆیه‌ ده‌بێ گه‌ل خۆی ڕازی بێت چ ماف و ئیمتیازێك ده‌دات به‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی. یاخود گه‌ر ڕاپرسیش نه‌بێت پێویسته‌ په‌له‌مانتاران به‌ هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاره‌تی و بۆ جێبه‌جێ كردنی دادپه‌روه‌ری خودی خۆیان یاساكه‌ هه‌موار بكه‌نه‌وه‌و تا له‌ داهاتوو ده‌كرێت له‌ ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان ئالیه‌تێكی چاودێری به‌ نمونه‌ وه‌ك (چاودێری دادگای ده‌ستوری...) جێگیر بكرێت له‌ سه‌ر په‌رله‌مان بۆ یاساو بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ دیاری كردنی ماف و ئیمتیازاته‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وكاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانی تری ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر له‌ هه‌رێم دا.

 
له‌ گه‌ڵ هیوای زۆرم بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كی هێمن و به‌ گیانی یه‌كتر قبوڵكردن و منافه‌سه‌ی شارستانیانه‌ی سه‌رده‌م له‌ ڕیگای خستنه‌ڕووی باشترین به‌رنامه‌ بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی سیاسی و ئابووری و خزمه‌تگوزاری له‌ كوردستان.

 سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ك




Tuesday, 16 April 2013

Recognizing genocide against Kurdish people


The British parliament formally recognises genocide against Kurdish people in Iraq as this has been mentioned in its formal website on 28 Feb 2013. 

په‌رله‌مانی به‌ریتانیا به‌ فه‌رمی دانی ناوه‌ و دووپاتی كردۆته‌وه‌ له‌ سه‌ر جینۆسایدی دژی گه‌لی كورد له‌ عیراق ئه‌مه‌ش وه‌ك داننانیكه‌ به‌ بریاره‌كانی دادگاو په‌رله‌مانی عیراقی . وه‌ له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بریاری داوه‌ هانی وولاتانی ترو كۆمه‌لگای نیوده‌وله‌تی به‌ تایبه‌ت وولاتانی وئه‌وروپا بدات له‌ سه‌ر داننان به‌ جینۆسایدی گه‌لی كوردتا بكه‌ویته‌ ئه‌رشیفی نیوده‌وله‌تی وبناسرێ


http://www.parliament.uk/business/committees/committees-a-z/commons-select/backbench-business-committee/news/25th-anniversary-of-kurdish-genocide-debate/


كلیلێك بۆ هه‌رێمه‌ چه‌ق به‌ستووه‌كه‌!

له‌ گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ ناسكه‌ی ئه‌مڕۆی ناوچه‌كه‌و ئه‌و ئاڵۆزی و ته‌مومژاویه‌ی هه‌یه‌ له‌ ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، دوای ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و ده‌ركه‌وته‌كانی كه‌ هیچ كه‌س ناتوانێت به‌ ئاسانی پیشبینی ئه‌نجامه‌كانیان بكات چۆن ده‌بێ و چی دێته‌ ئارا، ده‌بوایه‌ ئێمه‌ی كورد له‌ ئێستادا له‌ هه‌موو كات زیاتر به‌ یه‌كگرتووی و یه‌ك هه‌ڵوێستیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌مان له‌ گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا هه‌بوایه‌و به‌ یه‌ك به‌رنامه‌و یه‌ك گووتاری سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ڕووبه‌روی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بباینه‌وه و به‌ قازانجی زیاتری نه‌ته‌وه‌یی و ده‌سكه‌وتی زیاتره‌وه‌ لێ ی ده‌ربچین.به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی زیاتر جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ ی هه‌رێمی كوردستانی پێ دا ده‌ڕوا ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ وه‌ ده‌توانم بڵێم بارودۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو كات زیاتر ئالۆزو چه‌ق به‌ستووه‌ كه‌ خه‌ڵك هه‌موو سه‌ری لێ شێواوه‌ و نازانێت به‌یانی چی ڕوو ده‌دات چی بكات وه‌ پارته سیاسیه‌كانیش هه‌ریه‌ك به‌ به‌رنامه‌و ستراتیژی جیاو دژ به‌ یه‌ك دابه‌ش بوونه‌ به‌ سه‌ر سێ به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و بێ لایه‌ن، وه‌ ئه‌م دابه‌ش بوونه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو جه‌ماوه‌رو شه‌قامیش كه‌ ده‌توانین ناوی بنێین له‌ت بوونی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی ، ڕۆژانه‌ش ڕاگه‌یاندنه‌كان حزبی و ئه‌هلی و ... كار ده‌كه‌ن له‌ ژێر گروپ و ناوی جیاجیا به‌ هه‌زاران بوختان و جوێن و قسه‌ی ناشیرین و خائین كردن و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر كه‌وتونه‌ته‌ گیانی یه‌كتری و ئه‌م كه‌لتوره‌ فێری میلله‌ت و نه‌وه‌ی نوێش ده‌كه‌ن كه‌ ئاسه‌واره‌كانی وا به‌ ئاسانی چاره‌ناكرێن و مه‌ترسیان له‌ سه‌ر داهاتووی میلله‌ته‌كشمان هه‌یه‌، به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌ڕی ڕگه‌یاندنه‌ ببینین ئه‌وا یه‌ك كورد به‌ پاكی ده‌رناچێت به‌ ڵكو هه‌مووی یان دزه‌ و جه‌رده‌یه‌ یان پیاو كوژه‌ یان خۆفرۆش و خائنه‌ یان دكتاتۆرو زاڵمه‌ یان تیرۆرست و كۆنه‌په‌رست و دواكه‌وتووه‌ یان و یان و یان ... چونكه‌ ئه‌مه‌ قسه‌ی ئه‌مڕۆی راگه‌یاندنه‌ كانی كوردستان و كادرو لایه‌نگرانی پارته‌ سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌ری كوردستانه‌، كه‌ ڕۆژانه‌ كه‌ووتوونه‌ته‌ گیانی یه‌كترو ئه‌م قسانه‌ به‌ یه‌كتری ده‌ڵێن و یه‌كتری پێ ناشیرین ده‌كه‌ن وه‌ هه‌مووشیان كه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌ڵین به‌ به‌رامبه‌ره‌كانیان له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ خۆشیان به‌ په‌پووله‌و كوردپه‌روه‌رو نیشتمان په‌روه‌رو ڕزگار كه‌ری كوردستان و ... ناوده‌به‌ن بۆیه‌ دیسان ده‌ڵیم هه‌موو شتێكمان تیكه‌ڵ بووه‌ من و خه‌ڵكیش نازانین كێ دزه‌و ..... كێ په‌پووله‌ ... له‌ ئه‌نجامدا ستراتیژوهه‌نگاوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان له‌ بیر چۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش دابین كردنی كیانێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ كوردستان كه‌ سه‌دان ساڵه‌ كورد خه‌باتی بۆ ده‌كاو قوربانی بۆ ده‌دات، ئه‌م ئه‌زموونه‌ش زۆر دووباره‌ بۆته‌وه‌ له‌ مێژووی كوردستان و زیانی زۆریشی پێگه‌یاندووین به‌ ڵام به‌ داخه‌وه‌ وا ئه‌مرۆ دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

بۆیه‌ من پێم وایه‌ كلیلی چاره‌كردنی ئه‌م بارۆ دۆخه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستان بریتیه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ هه‌موو پارت و كه‌سایه‌تی ساسی و ڕۆشنبیرو یاساناس و چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان به‌ جیاوازی بیرو ئایدۆلۆژیاو باوه‌ڕی ئایینی و سیاسی له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان له‌ ژێر چه‌تری ئه‌م كۆنگره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ دا كۆببنه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی دانانی ستراتیژێكی نه‌ته‌وه‌یی تا ببێته‌ به‌رنامه‌ی كار بۆ قۆناغی ئێستاو داهاتووی كوردستان وه‌ چۆنیه‌تی كاركردن و خه‌باتی سیاسی كورد له‌ هه‌رپارچه‌یه‌ك باس بكرێت و‌ سه‌باره‌ت به‌ باری هه‌رێمی كوردستان لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ و دیدگای سیاسی خۆیان بخه‌نه‌ ڕوو تاوتوێ ی بكه‌ن له‌ گه‌ڵ ئه‌وانی تر سه‌باره‌ت به‌:

1)  بابه‌ته‌ نێو خۆییه‌كان وه‌ك سیسته‌می حوكمڕانی و پرسی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و چاكسازی و مه‌له‌فی گه‌نده‌ڵی بێكاری و ستراتیژیه‌تی ئابووری و باشتر كردنی ژیانی خه‌ڵك و خزمه‌تگوزاریه‌كان وسه‌روه‌ری یاساو هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی ...


2)  بابه‌ته‌ ده‌ره‌كیه‌كان و مامه‌ ڵه‌ كردن له‌ گه‌ڵ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا وه‌ ك مه‌سه‌له‌ی جێبه‌ جێ كردنی مافه‌كانی كورد له‌ ده‌ستور و ماده‌ی سه‌دو چل و پرسی هاوبه‌شی له‌ بڕیاری نیشتیمانی و مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌و نه‌وت و گازو داهات و میزانیه‌ ...

3)   بابه‌تی دیاری كردنی چه‌ند ئالیه‌تێك له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ كردن له‌ گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ پارچه‌كانی تری كوردستان و چۆنیه‌تی یارمه‌تی دانیان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانیان ...

به‌ جۆرێك له‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ هه‌موو لا به‌رنامه‌و دیدگای خۆی بخاته‌ ڕوو وه‌ مناقشه‌ بكرێن و له‌ كۆتا هه‌موو لا بگه‌نه‌ یه‌ك به‌رنامه‌و ستراتیژیه‌تی نیشتیمانی تا ببێته‌ به‌رنامه‌ی كار بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان وه‌ك میساقی شه‌ره‌ف په‌یڕه‌وی لێ بكه‌ن تا قۆناغی ئێستای كوردستان تێپه‌ڕێنین و هه‌نگاو بنێین بۆ قۆناغێكی نوێ كه‌ ئه‌ویش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وله‌تی كوردیه‌، وه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌مه‌ش چه‌ند كارێكی پێویسته‌ وه‌ك:

‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ ئیعلامیه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌ ڕابگیرێت و زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ شوێنی بگرێته‌وه‌و هه‌روه‌ها گرنگتر له‌وه‌ هه‌موو لا باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنن كه‌ له‌ خه‌باتیان دا به‌كارهێنانی هیزو چه‌ك له‌ بیری خۆیان ببه‌نه‌ ده‌رو په‌یڕه‌وی له‌ زمانی عه‌قڵ و لۆژیك بكه‌ن به‌ تایبه‌ت لایه‌نی ده‌سه‌ڵات هه‌روه‌ها هه‌موو لا تاكه‌ مه‌به‌ستیان له‌ به‌شداری كردنیان له‌و كۆنگره‌ نه‌ته‌وییه‌ سه‌رخستنی كۆنگره‌كه‌ بێت و گفتۆگۆ و دانیشتن وه‌ك تاكه‌ ڕێگه‌ هه‌ڵبژێرن له‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌ گه‌ڵ یه‌كترو گه‌یشتن به‌ به‌رنامه‌یه‌كی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی. وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ زه‌ه‌مینه‌ ده‌ڕه‌خسێنن بۆ به‌ستنی كۆنگره‌كه‌و سه‌رخستنی . بۆیه‌ له‌ كۆتایی دا ده‌ڵیم كوردستان له‌ ئه‌مڕۆ دا له‌ دۆخێكی چه‌ق به‌ستووه‌و بۆته‌ گۆمێكی مه‌نگ پێویسته‌ و ئه‌ركی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و تێكڕای پارته‌ سیاسیه‌كانی كوردستانه‌ به‌ردی خۆیان بخه‌نه‌ ئه‌و گۆمه‌و بیشڵه‌قێنن و خه‌ڵك له‌و چه‌ق به‌ستووییه‌ ڕزگاربكه‌ن.



Destpek

ئه‌مه‌ ناونیشانی ووتارێكمه‌ كه‌ له‌ به‌رواری 11/2/2016له‌ سایتی كوردستان نێت  :بڵاو  كراوه‌ته‌وه‌ له‌م لینكه‌وه‌ ده‌توانن بیخوێن...